یاسای ژماره‌ (5)ی ساڵی 2021 یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێن

جستجو در مفاد 🔎

جستجو در متن مواد قانون با سرعت بالا و دقت هوش مصنوعی

🧹 پاک کردن

مادده‌ی (1)

متن ماده:

مادده‌ی (1) ئەم زاراوانەى خوارەوە بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ماناکانیان بەرامبەریانە:-یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان ــ عێراق.دووەم: ئەنجومەنى وەزیران: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم.سێیەم: وەزارەت: وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى هەرێم.چوارەم: وەزیر: وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزاری هەرێم.پێنجەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى: بەرێوەبەرایەتى گشتی شوێنەوار و کەلەپوور لە وەزارەت.شەشەم: بەڕێوەبەرایەتی: بەڕێوەبەرایەتییەكانی شوێنەوار و كەلەپوور دەگرێتەوە كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیین.حەوتەم: شوێنەوار: ماددەى گوازراوە و نەگوازراوە، کە دروستکراوە، یان نەخشکراوە، یاخود بەرهەمهێنراوە، یان نووسراوە، دەستنووسە، یاخود وێنەیان کێشراوە، یان وێنەیان گیراوە و تەمەنیان لە (200) دووسەد ساڵ کەمتر نەبێت، و پەیکەرى مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەکەکانیش دەگرێتەوە.هەشتەم: کەلەپوور:-1. کەلەپوور: هەر ماددەیەکى گوازراوە و نەگوازراوە کە دروستکراوە، نەخشکراوە، بەرهەمهێنراوە، نووسراوە، دەستنووسە، وێنەى کێشراوە، یان وێنەى گیراوە و بەهایەکى مێژوویی، یان نیشتیمانى، نەتەوەیی، ئاینى، یان هونەرییان هەیە.2. هەر ماددەیەکى گوازراوە یان نەگوازراوەى کەلەپوورى، کە لە خاڵى (1)ی سەرەوە ئاماژەى پێکراوە، هەركات تەمەنى لە (100) سەد ساڵ زیاتر بێت، و گرنگییەکى تایبەتی مێژوویى، هونەری، یان بیناسازی هەبێت و، لەلایەن لیژنەى هونەرییەوە بە ڕاپۆرتێکى زانستی بەرزبکرێتەوە، بەرەزامەندی وەزیر بە شوێنەوار تۆماردەکرێ.نۆیەم: شوێن و ناوچەى مێژوویی: ئەو شوێنەیە کە جێگایەک بووە بۆ ڕووداوێکى مێژوویى، نەتەوەیی و نیشتمانی گرنگ، یان بایەخێکى مێژوویی پێدراوە.دەیەم: پارچە و شوێنى سروشتی: ئەو پارچە و شوێنە سروشتییانە لەخۆدەگرێت کە مرۆڤ دروستى نەکردوون، بەڵام پەیوەندی بە زانستى شوێنەوار و کەلەپوورەوە هەیە، لە بوارى بابەتە بایۆلۆجی و جیۆلۆجیەکان، وەک شوێنى سروشتی و ئەشکەوتە دەگمەنەکان و پەناگە و بەبەردبووەکان و شوێنى (ستالاكتایت) و (ستالاكمایت) و ڕەژوو و پاشماوەى ڕووەکی و ئاژەڵى، ئەگەر گرنگییەکى تایبەتی مێژوویى، یان هونەری هەبێت، بە بڕیارى وەزیر لەسەر پێشنیارى لیژنەى هونەرى و بەڕاپۆرتى زانستى، بە شوێنەوار یان کەلەپوور تۆماردەکرێ.یازدەیەم: شوێن و ناوچەى پارێزراوى شوێنەواری یان کەلەپوورى: سەرجەم ئەو شوێن و ناوچە شوێنەواری و کەلەپوورییانە دەگرێتەوە، کە سنورێکى دیارکراویان هەیە و مەبەست لێی پاراستنى سیما ڕەسەنەکەیانە، وەک سامان و کەلەپوورێکى نیشتمانیى، و چەندین جۆر بینا و هونەرى بیناسازی هەمەرەنگ لە خۆدەگرێت، وەک (شار، شارۆچکە، گوند، گەرەك، شەقام، گرد، قەڵا، شوێنە ئاینییەکان، ئەشکەوت و گۆڕستانە کۆنەکان) کە لەلایەن لیژنەى هونەرییەوە بە ڕاپۆرتێکى زانستی بەرزدەکرێتەوە و بە بریارى وەزیر بە شوێن و ناوچەى شوێنەواری یان کەلەپوورى پارێزارو تۆماردەکرێ.دوازدەیەم: شوێنەوارناس: هەر کەسێک هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆس بێت لە زانستى شوێنەواردا.سێزدەیەم: لایەنى پەیوەندیدار: ئەو وەزارەت و لایەنە حکومییانە دەگرێتەوە کە راسپێردراون بەکارى پاراستنى شوێنەوار و کەلەپوور.چواردەیەم: لیژنەى هونەری: لێژنەیەکە لە کەسانى پسپۆڕ لە بوارى شوێنەوارناسى و بوارەکانى ترى پەیوەندیدار بە شوێنەوار پێکدێت، و پێکهاتەکەى لەلایەن وەزیرەوە بە ڕێنماییەک دیارى دەکرێت.پازدەیەم: کارى شوێنەوارى و کەلەپوورى: کارى گەڕان، ڕووپێویى، هەڵکۆڵین و نۆژەنکردن بە ئامانجى دۆزینەوەى شوێنەواریی گوازراوە و نەگوازراوە، چ لەسەر زەوی بن، یان لەژێر زەوى یان لە ژێر ئاو و پاراستنیان، دەگرێتەوە.

مادده‌ی (2)

متن ماده:

مادده‌ی (2) حوکمەکانى ئەم یاسایە، بەسەر هەر شوێنەوار یان کەلەپورێکدا جێبەجێ دەکرێت کە ئەم مەرجانەى تێدا بێت:-یەکەم: ئەگەر بەرهەمى شارستانى گەلى کوردستان یان میزۆپۆتامیا و شارستانیەتە یەک لەدوای یەكەکانى ئەم ناوچەیە بێت، لەسەر خاکى کوردستان بەرهەم هاتبێت یان ڕوویدابێت.دووەم: ئەگەر بەهایەکى شوێنەواریى یان هونەریى یان گرنگییەکى مێژوویى هەبێت، و یەکێک بێت لە دەرئەنجامەکانى شارستانیەتى گەلى کوردستان، و لەسەر خاکى کوردستان ئەنجامدرابێت.سێیەم: ئەگەر شوێنەوار یان کەلەپوور لەسەر خاکى کوردستان بەرهەم هاتبێت یان گەشەی کردبێت یان پەیوەندى بە مێژووى مرۆڤایەتییەوە هەبێت. 

مادده‌ی (3)

متن ماده:

مادده‌ی (3)ئامانجەکانى ئەم یاسایە:-یەکەم: بەڕێوەبردن، پاراستن، نۆژەنکردنەوەى شوێنەوار و کەلەپوور و مێژووى شارستانیى هەرێم، ناساندنى بە هاونیشتیمانیان و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى .دووەم: تۆمارکردن و ڕووپێویکردن و هەڵکۆڵینى شوێن و ناوچەى شوێنەواریی و کەلەپووریى.سێیەم: بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیری، و بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى و رێکخستنى چالاکى زانستى بۆ پاراستنى شوێنەوار و کەلەپوور.چوارەم: نمایشکردنى پارچەى شوێنەواریى و کەلەپووریى لە مۆزەخانەکان بۆ ناساندن و بە گەشتیاری کردنى، وەک میراتێکى رۆشنبیری و ناسنامەیەکى گرنگى نیشتمانی.پێنجەم: رێگریکردن لە بازرگانى و بەقاچاخ بردنى شوێنەوار و کەلەپوور.

مادده‌ی (4)

متن ماده:

مادده‌ی (4)ئەرکەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى:-یەکەم: دیاریکردن و دەستنیشانکردنى شوێن و ناوچەى شوێنەواریى و کەلەپووریى و مێژوویی.دووەم: گەڕان و ڕووپێوی و هەڵکۆڵین بە دواى شوێنەوار و کەلەپووردا لە سەرتاسەرى هەرێم، بە بەکارهێنانى نوێترین ئامێرى زانستى و هونەری گونجاو و پەیڕەوکراو لە بوارى زانستى شوێنەواردا.سێیەم: نۆژەنکردنەوەى شوێنەوار و کەلەپوور و شوێنە مێژووییەکان و پاراستنیان لە زیانلێکەوتن و لەناوچوون.چوارەم: دامەزراندن و کردنەوە و گرنگیدان بە مۆزەخانەکانى هەرێم، بەرەو پێشبردنیان و بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیرى شارستانیى نەتەوەیى و نیشتیمانى .پێنجەم: دروستکردنى نموونەى (لەبەرگرتنەوە، لاساییکردنەوە)ى پارچەى شوێنەواریى و کەلەپووریى، بەرهەمهێنانى وێنە و فیلم بۆ نیشاندان، یان فرۆشتن، یاخود بۆ ئاڵوگۆڕ پێکردنیان و دیاریکردنى نرخیان، بەمەرجێک نموونەى دروستکراو نیشانەیەکى هەبێت لەگەڵ ڕەسەنەکەى جیای بكاتەوە.شەشەم: ئەنجامدانى لێکۆڵینەوە و ڕێکخستنى کۆڕ و کۆنفڕانس و چالاکی هەمەجۆر لەسەر شوێنەوار و کەلەپوور، لە ناوەوە و دەرەوەى هەرێم.حەوتەم: گەشەپێدانى پسپۆڕانى هەردوو بوارى شوێنەوار و کەلەپوور بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى تواناى کارکردنیان.هەشتەم: گرنگیدانى زیاتر بە بابەتى شوێنەواریی و کەلەپووریى لە وانەکانى خوێندندا، بۆ مەبەستى ئاشنابوون و بڵاوکردنەوەى زیاترى رۆشنبیری شوێنەواریى لە کۆمەڵگەدا بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.نۆیەم: ڕێکخستنى تیمى ڕووپێوکردنى سەرتاسەرى بۆ شوێنەوار و شوێنە کەلەپوورییەکان، بۆ ئەوەى لە نەخشەکان و بەڵگەنامەکانى ڕوپێویدا دیاریبکرێن و لەسەر نەخشەسازی بنەڕەتى دابندرێن و ئاماژە بە جۆرەکەیان بکرێت.دەیەم: بەگەشتیاریکردنى ناوچە شوێنەواریی و کەلەپوورییەکان بە مەرجی پارستنى سیماى ڕەسەنایەتیان .یازدەیەم: ڕاگەیاندن و ناساندنى ناوچە و جێگا و پارچە شوێنەواریی و کەلەپوورییە دۆزراوەکان لە رۆژنامەى فەرمیدا.دوازدەیەم: پلاندانان بۆ بارودۆخ و ڕووداوە لە ناکاوەکان، وەک مەترسیەکانى ئاگرکەوتنەوە، بومەلەرزە، لافاو، هەر مەترسییەکى تر و ڕووداوە مرۆیی و سروشتییەکان.سێزدەیەم: هەماهەنگیکردن لەگەڵ دامەزراوە ئیتحادییەکانى عێراق سەبارەت بە شوێنەوار و کەلەپوور بۆ ئەم خاڵانەى خوارەوە:-1. تۆمارکردنى شوێنەوار و کەلەپورى هەرێم لە تۆمارى (یونسکۆ)دا.2. گەڕاندنەوەى ئەو شوێنەوار و کەلەپوورانەى براونەتە دەرەوەى هەرێم.3. کارکردن بۆ خستنەڕووى شوێنەوار و کەلەپوور، یان لەبەرگیراوەکانیان لە مۆزەخانە بیانییەکانى دەرەوەى هەرێمدا، بۆ ماوەیەکى کاتی لە پێناو ناساندنى مێژوو و ناسنامەى کوردستان.4. کارکردن و هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە شوێنەواریی و کەلەپوورییە جیهانییەکان، ئەنجومەنە جیهانییەکانى بوارى مۆزەخانەکان، رێکەوتن و پەیماننامە جیهانییەکانى بوارى شوێنەوار.

مادده‌ی (5)

متن ماده:

مادده‌ی (5)ئەرکەکانى هاونشتیمانییان:-یەکەم: هەر هاونیشتمانییەك مافی ئەوەی هەیە زانیارى و سوود لە شوێنەوار و کەلەپوور وەربگرێت، و بەپێى ئەم یاسایە دەتوانێت بەشدار بێت لە پاراستن و گرنگى پێدانى شوێنەوار و کەلەپوورى هەرێم.دووەم: پێویستە هەموو تاکێک رێز لە شوێنەوار و کەلەپوورى هەرێم بگرێت و بیپارێزێت.سێیەم: هەر هاونیشتیمانییەک ئاگاداربێت لە بوونى شوێنەوارێک، یان کەلەپوورێکى گوازراوە یان نەگوازراوە، یاخود زانیاری لەبارەیەوە هەبێت، دەبێت لە ماوەى کەمتر لە (24) بیست و چوار کاتژمێر لە ڕێكەوتی ئاگاداربوونى یان پێزانینی، نزیکترین لایەنى فەرمی ئاگاداربکاتەوە، پێویستە لەسەر لایەنی ئاگادارکراوەش، كە لە ماوەى (48) چل و هەشت کاتژمێردا زانیارییەکان بگەیەنێتە بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان.

مادده‌ی (6)

متن ماده:

مادده‌ی (6)یەکەم: پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەكان تۆمارێکى کاغەزی و ئەلیکترۆنى تایبەت بە تۆمارکردنى بینا و باڵەخانە و ناوچە شوێنەواریی و کەلەپوورییەکان هەبێت، و ئەو زانیارى و بەڵگەنامانەی كە پەیوەندیدارن پێیانەوە، و ئەو مافى پەیوەندى هاوسێیەتیەی (حقوق الأرتفاق) لە سەر موڵك و ماڵە نەگوازراوەكانی دەوروبەریان هەیانە تێیدا تۆمار بكرێت، و تۆمارنامەكە لە ڕۆژنامەى فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە.دووەم: مافەکانى پەیوەندى هاوسێیەتى، لەلایەن لێژنەى هونەرى دیارى دەکرێت، بریتییە لە جێگیركردنی پشتێنەیەک لە چواردەورى شوێنە شوێنەواریی و کەلەپوورییەکان، لەگەڵ رەخساندنى رێگا و ڕێڕەوى گەیشتن پێیان، بەمەرجێک شوێن و ناوچە شوێنەواریی و کەلەپوورییەکان پارێزراوبن.سێیەم: ئەگەر پێشتر شوێنەوار تۆمارکرابێت و مافى پەیوەندى هاوسێیەتی لەسەر موڵك و ماڵە نەگوازراوەکانى دەوروبەرى دیاری نەکرابن، ئەوکات دەبێت بەپێى یاسا دەستنیشان بکرێن.چوارەم: جۆرى ئەو بینایەی دەکەوێتە دەوروبەرى شوێنە شوێنەواریی و کەلەپوورییەکان، ئەگەر نوێبێت یان نوێبكرێتەوە، لە ڕووی شێواز و بەرزی و ڕەنگی ڕووكارەكەیەوە بە شێوەیەك دیاری دەكرێت كە لەگەڵ شوێنە شوێنەواریی و كەلەپووریەكانی تەنیشتیدا بگونجێت، ئەمەش بە هەماهەنگی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەکان و لایەنی پەیوەندیدار جێبەجێ دەكرێت.

مادده‌ی (7)

متن ماده:

مادده‌ی (7)یەکەم: بەرێوەبەرایەتى گشتى، پاڵپشت بە یاسای بە موڵککردن (استملاک)ى بەرکار لە هەرێم، مافى بە موڵککردنى ئەو زەوی و موڵکە نەگوازراوانەى هەیە کە شوێنەواریی یان کەلەپوورین، بەرامبەر بە قەرەبوویەکى دادپەروەرانە.دووەم: دەبێت بەڕێوەبەرایەتى گشتى لە ڕێگاى بەڕێوەبەرایەتییەکان، شوێن و ناوچە و گەڕەکە شوێنەواریی و کەلەپوورییەکان و ناوچە پارێزراو و قەدەغەکراوەکان بپارێزێت، هەركات ئەو جێگایانە مەترسى و هەڕەشەى لەناوبردنیان لەسەربێت.

مادده‌ی (8)

متن ماده:

مادده‌ی (8)یەکەم: هەموو ناوچە شوێنەواريى و کەلەپوورییەکان، بەناوى موڵکى گشتییەوە تۆماردەکرێن و بۆ مەبەستى شوێنەواريى تەرخاندەکرێن.دووەم: ئەو شوێن و موڵکانەى کەلەپوورین، دەکرێت بە موڵكی خاوەنەکانیان بمێننەوە، بەڵام نابێت هیچ گۆڕانکارییەکى تێدا ئەنجامبدرێت، زیانیان پێبگەیەندرێت لەکاتى نۆژەنکردنەوە یان هەر کارێکى تردا و لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی بەڕێوەبەرایەتى گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەکان لایەنە کەلەپورییەکەیان دەپارێزرێت.

مادده‌ی (9)

متن ماده:

مادده‌ی (9)یەکەم: لە کاتى بەکارهێنان و دابەشکردنى زەوی و شوێنەکانى موڵکى دەوڵەت و کەسانى سروشتى یان مەعنەویدا، بۆ دروستکردنى خانوو و هەر بینایەکى تر، یان گۆڕینى سیماى خانوو و باڵەخانەکان، لەو شوێنانەدا کە شوێنەواریى و کەلەپووریى و ناوچەى پارێزراون، پێویستە هەماهەنگى و ڕەزامەندى بەڕێوەبەرایەتییەکان یان بەڕێوەبەرایەتى گشتى هەبێت، و لە لەلایەن لیژنەى هونەرییەوە و بە ڕەچاوکردنى ئاستى نزیکی و دوورییان لە شوێنە شوێنەواریى و کەلەپوورییەکانەوە، چۆنییەتى کارکردن لەو شوێنانەدا دەستنیشان دەکرێت.دووەم: لەکاتى بوونى هەر بەربەستێک لە جێبەجێکردنى هەر پڕۆژەیەکدا، لەوانەى کە لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا هاتوون، بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان لەسەر ئەرکى لایەنى جێبەجێکارى پڕۆژەکە، کارى بەدواگەڕان و هەڵکۆڵین، بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، لە ماوەیەکى گونجاو بۆ گەڕانى زانستی ورد، ئەنجامدەدات، و تێچووى گەڕانەکە لە کۆى تێچووەکانى پڕۆژەکەدا دیارى دەکرێت.

مادده‌ی (10)

متن ماده:

مادده‌ی (10)یەکەم: سەرجەم شوێن و ناوچە ئایینیەکان، کە شوێنەواریى یان کەلەپوورین، موڵک و ماڵى دەوڵەت بن، یان تایبەت، یاخود وەقف، بۆ هەمان مەبەست بەکاردەهێنرێن. دووەم: نابێت شوێن و ناوچە ئایینیەکان لەکاتى نۆژەنکردن، یان دەستکاریکردن، یاخود هەر گۆڕانکارییەک، زیانیان پێبگەیەندرێت و دەبێت بەڕەچاوکردن و پاراستنى لایەنە شوێنەواریى و کەلەپوورییەکەى، لە ژێر چاودێرى و ڕێنمایى بەڕێوەبەرایەتى گشتییدا بن.

مادده‌ی (11)

متن ماده:

مادده‌ی (11)بەڕێوەبەرایەتی گشتی یا بەڕێوەبەرایەتی ئەم تۆمارانە دەگرێتە دەست:-یەکەم: تۆماری تۆمارکردنى ئەو شوێنەوارە گوازراوانەى هاووڵاتیان بە ڕێکەوت دۆزیویانەتەوە.دووەم: تۆماری تۆمارکردنى ئەو كەل و پەل و كەرەستە کەلەپووریی و شوێنەوارییانەى كە لەو شوێنانەدا هەن كە لە ماددەى (10)دا دەقنووسکراون، و پێدانى بەڵگەنامەیەکى تایبەت بە خاوەنەکانیان، بەمەرجى چاودێریکردنى بەردەوامى شوێنەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکان و بەڕێوەبەرایەتى گشتى.

مادده‌ی (12)

متن ماده:

مادده‌ی (12)یەکەم: کەسانى سروشتى و مەعنەویى بۆیان نییە شوێنەوارى گوازراوەیان لابێت و دەبێت لە ماوەى (90) نەوەد ڕۆژ، لەڕێکەوتى جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایەوە، ڕادەستى بەڕێوەبەرایەتییەکان یان بەڕێوەبەرایەتى گشتى بکەنەوە.دووەم: پێویستە خاوەن یان دەستدارى (حائز) پارچەى کەلەپوورى و دەستنووس، لە ماوەى (90) نەوەد ڕۆژ لەرێکەوتى جێبەجێکردنى حوکمەکانى ئەم یاسایەوە، ئاگادارى بەڕێوەبەرایەتییەکان یان بەڕێوەبەرایەتى گشتى بکاتەوە، بۆ ئەوەى تۆماربکرێت و سەرپەرشتی هاوبەش بکرێت.سێیەم: پاڵپشت بە ڕێکارە یاساییەکان، خاوەنى پارچەى کەلەپووریى یاخود دەستنووسەکان، کە لە بڕگەى (دووەم)ى ئەم ماددەیەدا ئاماژەیان پێکراوە، بەرپرسن لە ونبوون و تێکچوونى پارچەکان. 

مادده‌ی (13)

متن ماده:

مادده‌ی (13)یەکەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى دەتوانێت بڕیارى لێسەندنەوەى مافی خاوەندارێتی هەر پارچەیەکى کەلەپووریى یان دەستنووس بدات، لەوانەى کە پێشتر تۆمار کراوە و لاى خاوەنەکەیەتى، بەرامبەر بەقەرەبوویەکى دادپەروەرانەى خەمڵێنراو لەلایەن لیژنەى هونەرییەوە.دووەم: مافی بڵاوکردنەوەى زانیارى لەسەر پارچەى کەلەپووریى یان دەستنووس، تەنها بە ڕەزامەندى بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان دەبێت.

مادده‌ی (14)

متن ماده:

مادده‌ی (14)یەکەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى دەتوانێت بە ڕەزامەندى وەزیر و بە هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوە ئیتحادییەکان، بە مەبەستى توێژینەوەى زانستى و نۆژەنکردنەوە، بۆ دەوڵەمەندکردنى مۆزەخانەکانى هەرێم یان خستنەڕووى کاتی، شوێنەوار و کەلەپوورە گوازراوەکان بهێنێتە ناوەوەى هەرێم.دووەم: هەرکەسێک بە پشت بەستن بە یاسا، هەر شوێنەوارێکى گوازراوە یان پارچەیەکى کەلەپووری بهێنێتە ناو هەرێم، پێویستە مۆڵەت لە وەزیر وەربگرێت.سێیەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى لە رێگاى لیژنەى هونەرییەوە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ ئەو شوێنەوار و کەلەپوورە گوازراوانە دەکات، کە لە دەرەوە هێنراونەتە ناو هەرێم، ئەگەر سەلمێندرا شوێنەوارین و لە ووڵاتى خاوەندارى خۆیان بە شێوەیەکى نایاسایی براونەتە دەرەوەى ووڵات، ئەوکات دەستى بەسەردا دەگیرێت و بە ڕەچاوکردنى مەرجى مامەڵەى هاوشێوە بۆ ووڵاتە ڕەسەنەکەى دەگەڕێندرێتەوە.

مادده‌ی (15)

متن ماده:

مادده‌ی (15)وەزیر دەتوانێت بە ڕەزامەندى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران، بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە ئیتحادییەکان:-یەکەم: بۆ مەبەستى توێژینەوەى زانستى، یان نۆژەنکردنەوە، یان خستنەڕووى کاتى، شوێنەوار و کەلەپوورە گوازراوەکان بنێرێتە دەرەوەى هەرێم.دووەم: ئەو شوێنەوار یان کەلەپوورە گوازراوانەى هاوشێوەکانیان لە هەرێم دا هەیە، بۆ مەبەستى بەدیهێنانى توێژینەوە و سوودى زانستى، یان مێژوویی، یان هاوکاریکردن و دەوڵەمەندکردنى مۆزەخانەکانى هەرێم، لەگەڵ مۆزەخانە و زانکۆ و پەیمانگە و دامەزراوە زانستییەکانى دەرەوەى هەرێمدا، ئاڵوگۆڕیان پێبكات.

مادده‌ی (16)

متن ماده:

مادده‌ی (16)یەکەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى تایبەتمەندە بەکارى شوێنەواریى و کەلەپووریى لە هەرێم.دووەم: هیچ کەس و لایەنێک بۆى نیە کارى شوێنەواریى یان کەلەپووریى لە هەرێم ئەنجام بدات، تەنانەت لەسەر زەوى و موڵکى خۆشى بێت، تەنها بە مۆڵەتى بەڕێوەبەرایەتى گشتى نەبێت.سێیەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى بۆى هەیە رێگا بە پسپۆران و دام و دەزگا زانستی و زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوخۆ و بیانییەکان بدات بۆ مەبەستى کارى شوێنەواریی و کەلەپووریى، لە بوارى شوێنەوار و کەلەپووردا، ئەمەش دواى دڵنیابوونەوە لە توانا و لێهاتوویی زانستى و دارایی ئەو لایەنانە.

مادده‌ی (17)

متن ماده:

مادده‌ی (17)یەکەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى لەو زەوی و شوێنانەى کە موڵکى دەوڵەت یان کەسانى سروشتى و مەعنەوین، و ناوچەى شوێنەواریى یان کەلەپووریى لەخۆدەگرن، کارى شوێنەواریی و کەلەپووریى ئەنجام دەدات.دووەم: 1. ئەو زەوى و شوێنانەى کارى شوێنەواریى یان کەلەپوورییان تێدا ئەنجامدراوە، ئەگەر دەرکەوت شوێنەواریی و کەلەپووریى نین، دەگەڕێندرێنەوە بۆ دۆخى پێش ئەنجامدانى ئەو کارانەى تێیاندا کراون.2. ئەگەر ئەو شوێن و زەوییانەى ئاماژەیان پێکراوە، موڵکى کەسانى سروشتى یان مەعنەوى بوون و لە ئەنجامى گەڕان و ڕووپێوی و هەڵکوڵین زیانمەندبوون، ئەوا پاڵپشت بە خەمڵاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى و بە ڕەزامەندى هەردوولا، یان لە ڕێگاى دادگاوە، قەرەبووى زیانەکانیان دەکرێتەوە.سێیەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان ماوەى کارى شوێنەواریى و کەلەپووریی دیاریدەکەن و دەکرێت ماوەکە درێژبکرێتەوە.چوارەم: هەموو ئەوانەى کارى شوێنەواریى و کەلەپووریى ئەنجام دەدەن، پشت بەو توێژینەوە و کارانە دەبەستن كە لە پێشتردا لەلایەن شوێنەوارناسانى ناوخۆیی و بیانییەوە، لە هەمان شوێن، یان دەوروبەرى، یان نزیکى شوێنى دەستنیشانکراو بۆ کارکردن، ئەنجامدراون.پێنجەم: لە کاتى گەڕان و رووپێوى و هەڵکۆڵیندا، کە پارچەى شوێنەواریی یان کەلەپوریی دەدۆزرێتەوە، بەپێى سنورى جوگرافیاى شوێنى کارکردن، پارچە دۆزراوەکان دەگەرێندرێنەوە بۆ مۆزەخانەى ئەو شارە، یان ئەو شوێنەى کارى تێدا دەکرێت. شەشەم: هەر شوێنەوارناسێک یان کارمەندێکى بوارى شوێنەوارناسى لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمدا، بۆ مەبەستى زانستى و ئەنجامدانى توێژینەوە و کارى شوێنەواریى، دەتوانێت سەردانى ناوچە شوێنەواریى و کەلەپوورییەکان بکات، بەمەرجێک پشتگیرى لایەنە ئەکادیمییەکەى هەبێت و بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان ئاگارداربکاتەوە.

مادده‌ی (18)

متن ماده:

مادده‌ی (18)لیژنەى کارى شوێنەواریى و کەلەپووریی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى و بەڕێوەبەرایەتییەکان بەم شێوەیە پێکدەهێنرێت:-یەکەم: سەرۆکى لیژنە، یان نێردە، مەرجە پسپۆرێکى شوێنەواریی شارەزا و خاوەن ئەزموون بێت.دووەم: دەبێت ئەندامانى لیژنەکانى کارى شوێنەواریی و کەلەپووریى بەپێى پێویست شوێنەوارناس بن، و دەکرێت بە پێى پێویستی ئەو ناوچەیەى کارى تێدا دەکرێت چەند پسپۆڕییەکى دیکەش ئەندام بن. سێیەم: لەکاتى کارکردندا لەگەڵ تیمی مۆڵەت پێدراو، پێویستە لانیکەم دوو شوێنەوارناس کە کارمەندى بەڕێوەبەرایەتییەکان یان بەڕێوەبەرایەتى گشتى بن، وەک نوێنەر و ئەندام کاربکەن، و مافی زانستى تەواویان هەبێت لە نووسینى ڕاپۆرت و بڵاوکردنەوەى توێژینەوە و بەشداریکردنى کۆر و کۆنفرانسدا، لە ناوەوە و دەرەوەى هەرێم، بەرپرسیش دەبن بەرامبەر هەر کەموکوڕییەک لە کارکردندا ئەگەر بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکانی لێ ئاگادارنەکەنەوە.

مادده‌ی (19)

متن ماده:

مادده‌ی (19)ئەو لایەنانەى داواى کارکردن لە بوارى شوێنەواریى و کەلەپووریدا دەکەن، پێویستە پابەند بن بە:-یەکەم: پێشکەشکردنى داواکارییەک بە بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ مەبەستی کارى شوێنەواریى و کەلەپووریى، کە ئەمانەی خوارەوە لەخۆبگرێت:- 1. تایبەتمەندى و شارەزایی داواکاران و تواناى داراییان.2. زانیارى لەسەر ئەندامانى تیمى پێشکەشکارى داواکە و ڕەچاوکردنى لایەنى زانستی و پسپۆڕییان.3. داواکار لە لایەنێکى زانستى باوەڕپێکراوى وەکو زانکۆ، پەیمانگا، یان دەزگایەکى شوێنەوارییەوە، رێگاپێدراوبێت. 4. ئەگەر تیمى داواکار لە دەرەوەى عێراق بێت، پێویستە پشتگیرى نوێنەرایەتى وڵاتەکەى لە هەرێم یان باڵیوزخانەکەى لە عێراق هەبێت.5. دیاریکردنى ژمارە و ئاستى ئەو کرێکارانەى لەگەڵیدا کاردەکەن، لەگەڵ توانا زانستییەکانیان.6. دابینکردنى پاسەوان بۆ شوێنەکە لە ماوەى کارکردندا.7. هەوڵدان بۆ دابینکردنى کورسی خوێندن و زەمالە بۆ فەرمانبەرانى شوێنەوارناسى لە سنورى بەڕێوەبەرایەتى گشتى.دووەم:1. پێشکەشکردنى نەخشەیەک، کە تێیدا سنوورى شوێنى کارکردنەکە ڕوونبکاتەوە و ئاماژەش بکرێـت بە ناوچە شوێنەوارییەکان.2. پێشکەشکردنى ڕاپۆرتێکى بەرنامەى کارى ساڵانە و ڕاپۆرتى گشتیش لە کۆتایى کارەکانى گرێبەستدا، دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتى گشتى.3. پێویستە بۆ کارکردن سوود لە بەشەکانى شوێنەوارناسى لە هەرێم وەربگیرێت.

مادده‌ی (20)

متن ماده:

مادده‌ی (20)یەکەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى، دواى پێشکەشکردنى داواکارییەکەى تیمى داواکار، پێداچوونەوە و وردبینى بۆ دەکەن و پاشان بڕیارى لەسەر دەدەن.دووەم: داواکار گرێبەستێک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى گشتییدا بۆ ماوەیەکى دیاریکراوى کارکردن ئەنجام دەدات، کە تێیدا ماف و پابەندبوونى هەردوولا دیاریدەکرێت و دواتر لەلایەن وەزیرەوە پەسەند دەکرێت.