ماددهی (9)یەکەم: لە کاتى بەکارهێنان و دابەشکردنى زەوی و شوێنەکانى موڵکى دەوڵەت و کەسانى سروشتى یان مەعنەویدا، بۆ دروستکردنى خانوو و هەر بینایەکى تر، یان گۆڕینى سیماى خانوو و باڵەخانەکان، لەو شوێنانەدا کە شوێنەواریى و کەلەپووریى و ناوچەى پارێزراون، پێویستە هەماهەنگى و ڕەزامەندى بەڕێوەبەرایەتییەکان یان بەڕێوەبەرایەتى گشتى هەبێت، و لە لەلایەن لیژنەى هونەرییەوە و بە ڕەچاوکردنى ئاستى نزیکی و دوورییان لە شوێنە شوێنەواریى و کەلەپوورییەکانەوە، چۆنییەتى کارکردن لەو شوێنانەدا دەستنیشان دەکرێت.دووەم: لەکاتى بوونى هەر بەربەستێک لە جێبەجێکردنى هەر پڕۆژەیەکدا، لەوانەى کە لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا هاتوون، بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان لەسەر ئەرکى لایەنى جێبەجێکارى پڕۆژەکە، کارى بەدواگەڕان و هەڵکۆڵین، بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، لە ماوەیەکى گونجاو بۆ گەڕانى زانستی ورد، ئەنجامدەدات، و تێچووى گەڕانەکە لە کۆى تێچووەکانى پڕۆژەکەدا دیارى دەکرێت.