مادده‌ی (1)

شناسه ماده: 24438

شماره ماده: 845

مادده‌ی (1) ئەم زاراوانەى خوارەوە بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ماناکانیان بەرامبەریانە:-یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان ــ عێراق.دووەم: ئەنجومەنى وەزیران: ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم.سێیەم: وەزارەت: وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى هەرێم.چوارەم: وەزیر: وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزاری هەرێم.پێنجەم: بەڕێوەبەرایەتى گشتى: بەرێوەبەرایەتى گشتی شوێنەوار و کەلەپوور لە وەزارەت.شەشەم: بەڕێوەبەرایەتی: بەڕێوەبەرایەتییەكانی شوێنەوار و كەلەپوور دەگرێتەوە كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیین.حەوتەم: شوێنەوار: ماددەى گوازراوە و نەگوازراوە، کە دروستکراوە، یان نەخشکراوە، یاخود بەرهەمهێنراوە، یان نووسراوە، دەستنووسە، یاخود وێنەیان کێشراوە، یان وێنەیان گیراوە و تەمەنیان لە (200) دووسەد ساڵ کەمتر نەبێت، و پەیکەرى مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەکەکانیش دەگرێتەوە.هەشتەم: کەلەپوور:-1. کەلەپوور: هەر ماددەیەکى گوازراوە و نەگوازراوە کە دروستکراوە، نەخشکراوە، بەرهەمهێنراوە، نووسراوە، دەستنووسە، وێنەى کێشراوە، یان وێنەى گیراوە و بەهایەکى مێژوویی، یان نیشتیمانى، نەتەوەیی، ئاینى، یان هونەرییان هەیە.2. هەر ماددەیەکى گوازراوە یان نەگوازراوەى کەلەپوورى، کە لە خاڵى (1)ی سەرەوە ئاماژەى پێکراوە، هەركات تەمەنى لە (100) سەد ساڵ زیاتر بێت، و گرنگییەکى تایبەتی مێژوویى، هونەری، یان بیناسازی هەبێت و، لەلایەن لیژنەى هونەرییەوە بە ڕاپۆرتێکى زانستی بەرزبکرێتەوە، بەرەزامەندی وەزیر بە شوێنەوار تۆماردەکرێ.نۆیەم: شوێن و ناوچەى مێژوویی: ئەو شوێنەیە کە جێگایەک بووە بۆ ڕووداوێکى مێژوویى، نەتەوەیی و نیشتمانی گرنگ، یان بایەخێکى مێژوویی پێدراوە.دەیەم: پارچە و شوێنى سروشتی: ئەو پارچە و شوێنە سروشتییانە لەخۆدەگرێت کە مرۆڤ دروستى نەکردوون، بەڵام پەیوەندی بە زانستى شوێنەوار و کەلەپوورەوە هەیە، لە بوارى بابەتە بایۆلۆجی و جیۆلۆجیەکان، وەک شوێنى سروشتی و ئەشکەوتە دەگمەنەکان و پەناگە و بەبەردبووەکان و شوێنى (ستالاكتایت) و (ستالاكمایت) و ڕەژوو و پاشماوەى ڕووەکی و ئاژەڵى، ئەگەر گرنگییەکى تایبەتی مێژوویى، یان هونەری هەبێت، بە بڕیارى وەزیر لەسەر پێشنیارى لیژنەى هونەرى و بەڕاپۆرتى زانستى، بە شوێنەوار یان کەلەپوور تۆماردەکرێ.یازدەیەم: شوێن و ناوچەى پارێزراوى شوێنەواری یان کەلەپوورى: سەرجەم ئەو شوێن و ناوچە شوێنەواری و کەلەپوورییانە دەگرێتەوە، کە سنورێکى دیارکراویان هەیە و مەبەست لێی پاراستنى سیما ڕەسەنەکەیانە، وەک سامان و کەلەپوورێکى نیشتمانیى، و چەندین جۆر بینا و هونەرى بیناسازی هەمەرەنگ لە خۆدەگرێت، وەک (شار، شارۆچکە، گوند، گەرەك، شەقام، گرد، قەڵا، شوێنە ئاینییەکان، ئەشکەوت و گۆڕستانە کۆنەکان) کە لەلایەن لیژنەى هونەرییەوە بە ڕاپۆرتێکى زانستی بەرزدەکرێتەوە و بە بریارى وەزیر بە شوێن و ناوچەى شوێنەواری یان کەلەپوورى پارێزارو تۆماردەکرێ.دوازدەیەم: شوێنەوارناس: هەر کەسێک هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆس بێت لە زانستى شوێنەواردا.سێزدەیەم: لایەنى پەیوەندیدار: ئەو وەزارەت و لایەنە حکومییانە دەگرێتەوە کە راسپێردراون بەکارى پاراستنى شوێنەوار و کەلەپوور.چواردەیەم: لیژنەى هونەری: لێژنەیەکە لە کەسانى پسپۆڕ لە بوارى شوێنەوارناسى و بوارەکانى ترى پەیوەندیدار بە شوێنەوار پێکدێت، و پێکهاتەکەى لەلایەن وەزیرەوە بە ڕێنماییەک دیارى دەکرێت.پازدەیەم: کارى شوێنەوارى و کەلەپوورى: کارى گەڕان، ڕووپێویى، هەڵکۆڵین و نۆژەنکردن بە ئامانجى دۆزینەوەى شوێنەواریی گوازراوە و نەگوازراوە، چ لەسەر زەوی بن، یان لەژێر زەوى یان لە ژێر ئاو و پاراستنیان، دەگرێتەوە.