ماددهی (19)ئەو لایەنانەى داواى کارکردن لە بوارى شوێنەواریى و کەلەپووریدا دەکەن، پێویستە پابەند بن بە:-یەکەم: پێشکەشکردنى داواکارییەک بە بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ مەبەستی کارى شوێنەواریى و کەلەپووریى، کە ئەمانەی خوارەوە لەخۆبگرێت:- 1. تایبەتمەندى و شارەزایی داواکاران و تواناى داراییان.2. زانیارى لەسەر ئەندامانى تیمى پێشکەشکارى داواکە و ڕەچاوکردنى لایەنى زانستی و پسپۆڕییان.3. داواکار لە لایەنێکى زانستى باوەڕپێکراوى وەکو زانکۆ، پەیمانگا، یان دەزگایەکى شوێنەوارییەوە، رێگاپێدراوبێت. 4. ئەگەر تیمى داواکار لە دەرەوەى عێراق بێت، پێویستە پشتگیرى نوێنەرایەتى وڵاتەکەى لە هەرێم یان باڵیوزخانەکەى لە عێراق هەبێت.5. دیاریکردنى ژمارە و ئاستى ئەو کرێکارانەى لەگەڵیدا کاردەکەن، لەگەڵ توانا زانستییەکانیان.6. دابینکردنى پاسەوان بۆ شوێنەکە لە ماوەى کارکردندا.7. هەوڵدان بۆ دابینکردنى کورسی خوێندن و زەمالە بۆ فەرمانبەرانى شوێنەوارناسى لە سنورى بەڕێوەبەرایەتى گشتى.دووەم:1. پێشکەشکردنى نەخشەیەک، کە تێیدا سنوورى شوێنى کارکردنەکە ڕوونبکاتەوە و ئاماژەش بکرێـت بە ناوچە شوێنەوارییەکان.2. پێشکەشکردنى ڕاپۆرتێکى بەرنامەى کارى ساڵانە و ڕاپۆرتى گشتیش لە کۆتایى کارەکانى گرێبەستدا، دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتى گشتى.3. پێویستە بۆ کارکردن سوود لە بەشەکانى شوێنەوارناسى لە هەرێم وەربگیرێت.