مادده‌ی حه‌وته‌م: بڕگه‌ی دووه‌می مادده‌ی (بیست و دووه‌م)هه‌موار ده‌كرێ و، له كۆتاییدا بڕگه (3 و4) یشی بۆ زیاد ده‌كرێ، وه‌ك ئه‌مانه‌ی خواره‌وه: 2/وه‌زیر بۆی هه‌یه لیژنه‌ی هه‌میشه‌یی ولیژنه‌ی ره‌فته‌نی كه خۆی به‌زه‌رووری بزانێ پێك بهێنێ و، بنه‌ما و به‌ند و به‌ست (ضوابط) و ئیختيصاص و خه‌ڵاتیان به پێی رێنمایی بۆ دیار بكا، تا ئه‌رك و فرمانێ كه پێیان ده‌سپێردرێ پیاده‌ی بكه‌ن و، راوێژ و ئامۆژگاریی هونه‌ری و په‌روه‌رده‌یی و ئیداری و یاسایی پێشكه‌ش بكه‌ن، بۆیشی هه‌یه سوود له شاره‌زا و پسپۆڕ و لایه‌نی دیكه‌ی پێوه‌ندیداریش له ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تیش وه‌ربگرێ. 3/وه‌زیر بۆی هه‌یه، له‌سه‌ر ره‌زامه‌نديی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له قه‌زایه‌كاندا كاتێ پێویست بكا به‌ڕێوه‌به‌ریی په‌روه‌رده بكاته‌وه كه هه‌ندێ له كاره تایبه‌تیه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده له‌و یه‌كه ئیدارییه دا به پێی رێنمایی پێویست بگرێته ئه‌ستۆی خۆ. 4/وه‌زیر بۆی هه‌یه، كاتی پێویست به‌ڕێوه‌به‌ری و به‌ش و هۆبه له پێكهاته‌كانی وه‌زاره‌تدا بكاته‌وه.