ماددهی (4) وەزارەت ئەم ئەرکانەى خوارەوە لە ئەستۆ دەگرێت:- یەکەم: بەرهەم هێنان، گواستنەوە، دابەشکردنى کارەبا، دامەزراندن، بەگەڕخستن و چاککردنەوەى وێستگەکان (بەرهەم هێنان، گۆڕین) و تۆڕەکانى کارەبا. دووەم: بەگەڕخستنى تۆڕەکانى کارەبا بە شێوەیەکى زانستیانە بە پێى ستاندەرە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەى دامەزراندنى سیستەمى گەیاندن بۆ مسۆگەرکردنى پارێزگاریکردن لە پێکهاتەکانى تۆڕەکانى کارەبا و کەمکردنەوەى تێچووەکان. سێیەم: دەستەبەرکردنى بەرژەوەندى گشتى، کۆنتڕۆڵکردنى بەکاربردنى کارەبا، مسۆگەرکردن و دابینکردنى کارەبا و کەمکردنەوەى بەهەدەردانى مافەکانى وەزارەت لە ڕێگەى دامەزراندنى پڕۆژەى تۆڕى زیرەک. چوارەم: دیاریکردنى نرخەکانى کارەبا لەلایەن وەزیر بە ڕەزامەندى ئەنجومەن و بەرزکردنەوەى بۆ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بۆ ڕەزامەندیدان لەسەرى، بەمەرجێك ئەو بارودۆخ و گۆڕانکارییانەى لەسەر تێچووى کارەبا و بژێوى هاوڵاتیان و ئابوورى هەرێم ڕوودەدەن لەبەرچاو بگیرێن. پێنجەم: بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى وزەى کارەباى پاک بۆ پێداویستییەکانى بەرژەوەندى گشتى، و مۆڵەتدان بە کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى کارەبا لە سەرچاوە نوێبوەکان لەگەڵ ڕەچاوکردنى یاسا و پێڕەو و ڕێنماییە بەرکارەکان. شەشەم: گرتنەبەرى ڕێکارى پێویست بۆ پاراستنى ژینگە و دەستەبەرکردنى سەلامەتیى و تەندروستى گشتى. حەوتەم: ڕێکخستنى میلاکى پێویست و پەرەپێدانى تواناى فەرمانبەران لە ڕێگەى ناوەندیى ڕاهێنانى پیشەیى بەهاوکارى لەگەڵ دامەزراوە فێرکارییە ئەکادیمییەكان و ناوەندە پسپۆڕەکان یان ڕێکخراوە ناوخۆیی یان نێودەوڵەتییەکان. هەشتەم: پێدانى مۆڵەت و گرێبەست کردن لەگەڵ کۆمپانیاکانى پسپۆڕ لە کەرتى تایبەت بۆ بەگەڕخستن، چاککردنەوەى وێستگەکانى (بەرهەم هینان و گوڕینى کارەبا) و تۆڕەکانى گواستنەوە ودابەش کردن و هاوردەکردن و هەناردەکردنى وزە. نۆیەم: هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان بە چالاکیەکانى وەزارەت و کارکردن لەسەر ڕێنوێنى بەکاربردنى وزەى کارەبا لە ڕێگەى دانانى سیاسەت و ڕێنمایى و هاندانى بەکاربەران بۆ ئەم مەبەستە. دەیەم: پێشکەشکردنى پێشنیار بە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بەمەبەستى پەرەپێدانى کەرتى کارەبا لە هەرێم. یازدەیەم: نوێنەرایەتیکردنى هەرێم لە ڕێکخراو و کۆنفرانسە نێودەوڵەتى و هەرێمایەتییەکانى تایبەت بە کەرتى وزەى کارەبا. دوازدەیەم: هەماهەنگى و تەواوکردنى یەکتر لەگەڵ وەزارەتەکانى هەرێم و وەزارەتە ئیتیحادییەکان. سێزدەیەم: ئەنجامدانى کڕین و فرۆشتن ولێکدەرکردن (مقاصة) بۆ وزەى کارەبا بەپێى پێویست و بەرژەوەندى گشتى.