ماددهی (1) بۆ مەبەستى حوکمەکانى ئەم یاسایە، ئەم دەستەواژانەى خوارەوە ماناکانى بەرامبەریان دەگەیەنن: یەکەم: هەرێم: هەرێمى کوردستان - عێراق. دووەم: وەزارەت: وەزارەتى کارەبای هەرێم. سێیەم: وەزیر: وەزیرى کارەبای هەرێم. چوارەم: ئەنجومەن: ئەنجومەنی وەزارەت. پێنجەم: بەرهەمهێنان: بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا. شەشەم: گواستنەوە: گواستنەوەى وزەی کارەبا بە هێلى (33) کیلۆ ڤۆڵت بەرەو سەر. حەوتەم: دابەشکردن: دابەشکردنى وزەی کارەبا لە ڕێگەى تۆڕى ناوەندیى لە هێلەکانى (33/0.4)، (11/0.4) و(0.4) کیلۆ ڤۆڵت بەرەو خوار. هەشتەم: وزە: وزەى کارەبا نۆیەم: کۆنتڕۆڵ: کۆنتڕۆڵی سەر تۆرەکانی کارەبای هەرێم . دەیەم: هاوبەشەکان: هەر بەشداربوویەک کە گرێدراوى تۆڕەکانى کارەبا بێت بە مەبەستى وەرگرتنى وزەى کارەبا لە ڕێگاى پێوەرى کارەباوە. یازدەیەم: تۆڕەکان: پێکهاتەکانى کارەبا لە هەردوو سێکتەرى گواستنەوە و دابەشکردن، دەگرێتەوە. دوازدەیەم: وێستگەکانى بەرهەمهێنان: سەرجەم وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا لە هەردوو کەرتى تایبەت و گشتى.