مادده‌ی پێنجه‌م:
یه‌كه‌م: سه‌رۆكی ده‌سته خۆی سه‌رۆكی كارگێڕی ده‌سته‌كه‌یه و به‌رپرسی راسته‌وخۆیه له جێبه‌جێ كردنی سیاسه‌ته‌كانی و، به‌پێی یاساش له‌وه‌وه ئه‌و بڕیار وفه‌رمان و رێنماییانه ده‌رده‌چن كه په‌یوه‌ندییان به كاروباره هونه‌ری و دارایی و كارگێریه‌كانه‌وه هه‌یه‌و، نوێنه‌رایه‌تی ده‌سته‌ش له لایه‌نه حكومی و دام‌و ده‌زگاو ده‌سته‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار له ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا ده‌كات.
دووه‌م: سه‌رۆكی ده‌سته له‌سه‌ر پاڵاوتنی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به پله‌ی تایبه‌ت داده‌مه‌زرێ و فه‌رمایشتی((مرسوم)) هه‌رێمی به دامه‌زراندنه‌كه‌ی ده‌رده‌چێ پاش په‌سند كردنی په‌رله‌مان له‌سه‌ر پاڵێوراوه‌كه به زۆرینه‌ی ژماره‌ی ئاماده بووان و، ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌شی چوار ساڵه‌و ده‌كرێ یه‌ك جار تازه بكرێته‌وه.
سێیه‌م: مه‌رجه ئه‌وه‌ی به سه‌رۆكی ده‌سته داده‌مه‌زرێ:
1ـ خه‌ڵكی هه‌رێم بێت و لێی نیشته‌جێ بێت.
2ـ به‌لایه‌نی كه‌م بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی زانكۆیی هه‌بێ و، له بواری مافه‌كانی مرۆڤ لێهاتوو و شاره‌زا بێ.
3ـ خووره‌وشتی باش بێ و به تاوانێك یا كه‌تنێكی ئابڕووبه‌ر حوكم نه‌درابێ.
4ـ به‌ڵێنامه‌یه‌كی ده‌ست نووس پێشكه‌ش بكات كه له ماوه‌ی فه‌رمانبه‌ریه‌تییه‌كه‌یدا حزبایه‌تی نه‌كات.
5ـ به‌شداری له‌و تاوانه‌دا نه‌كرد بێ كه ده‌سه‌ڵاته داپڵۆسێنه‌ره‌كان ئه‌نجامیان دابێ.