ماددهی (1) یەکەم : کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، ناوخۆیی، یان بیانی، تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان، دوای وەرگرتنى مۆڵەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، دەتوانن بەپێی ئەو خەسڵەتە جیهانییانەی وەزارەت دیاریدەکات، بەرهەمە نەوتییەکان هاوردە و عەمبار بکەن، بیگوازنەوە و بیفرۆشن، بەمەبەستی بەکاربردنى ناوخۆیی، چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ بێت یان لە ڕێگەی بریکاری ڕێپێدراوەوە. بەرهەمەكانیش هەریەکە لە بەنزینی ئۆتۆمبێل، زەیتی گاز، زەیتى بزوێنەر و گریس بەهەموو جۆرەکانیەوە، غازی شل، نەوتی سپی (کیرۆسین)، قیری شل، پترۆ کیمیایی، و هەر بەرهەمێکی تر کە وەزارەت بڕیاری لەبارەوە دەدات، دەگرێتەوە. دووەم : پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم خشتەی پاشکۆ لە شێوەی ڕێنماییدا دەربکات، بەجۆرێك کە هاوتا بێت لەگەڵ خەسڵەتە جیهانیەکانی ئەو بەرهەمە نەوتیانەی کە لە بڕگەى (یەکەم)ى ئەم ماددەیەدا ئاماژەیان پێکراوە.