مادده‌ی (24)

شناسه ماده: 24461

شماره ماده: 845

مادده‌ی (24)سزاکان:-یەکەم: هەرکەسێک پارچەى شوێنەواریى یان کەلەپووریی یان دەستنووسى گوازراوەى تۆمارکراو یان تۆمارنەکراوى لابێت و لەماوەى (90) نەوەد ڕۆژ لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى ئەم یاسایە، ئاگادارى بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان نەکاتەوە، یان ببێتە هۆى ونبوون یان لەناوچوونى ئەو پارچەیە، بە بەندکردن و پێبژاردن بە بڕى دوو هێندەى نرخى خەمڵێنراوى پارچە شوێنەواری یان کەلەپوورییەکە، سزادەدرێت.دووەم:1. هەرکەسێك شوێنەوارێک یان کەلوپەلى کەلەپووریى بدزێ، کە لە ژێر دەستى بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکاندا بێت، بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (10) دە ساڵ زیاتر نەبێت سزادەدرێت، هەروەها بە پێبژاردنێک بەبڕى شەش هێندەى نرخى خەمڵێنراوى پارچە شوێنەواریى یان کەلەپوورییەکە، سەرەڕاى گەڕاندنەوەى.2. ئەم بارانەى خوارەوە بە بارودۆخى توند ئەژماردەکرێت و ئەنجامدەرەکەى بە سزای زیندانى هەمیشەیی سزا دەدرێت:-ا. ئەگەر پارچەى شوێنەواریی یان کەلەپووریی دزراو نەگەڕێندرایەوە.ب. ئەگەر ئەنجامدەرى تاوان یەکێک بوو لە ئەندامانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەكان، یان ڕاسپێردراو بە پارێزگاریکردن لە شوێنەوار، یاخود ئەوانەى کاردەکەن لە بەڕێوەبردنیدا.ج. ئەگەر تاوانەکە لەلایەن دوو کەس و زیاتر، بەبەکارهێنانى هێز و زۆرەملێیی، ئەنجامدرا.سێیەم:1. هەرکەسێک پارچەى شوێنەواریى بباتە دەرەوەى هەرێم، یان بەشداربێت لە بردنە دەرەوەیدا، بە زیندانیى هەمیشەیی سزادەدرێت.2. هەرکەسێک بە ئەنقەست کەلوپەلى کەلەپووریى بباتە دەرەوەى هەرێم، یان بەشداربێت لە بردنە دەرەوەى، بە بەندکردن کە لە (3) سێ ساڵ زیاتر نەبێت و پێبژاردنێک بە بڕى (3.000.000) سێ ملیۆن دینار سزادەدرێت.3. هەر کەسێک بەبێ ڕەزامەندیى نووسراوی بەڕێوەبەرایەتى، کارى گەڕان و رووپێوى و هەڵکۆڵین ئەنجامبدات، یان هەوڵى دۆزینەوەى شوێنەوار بدات، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە (3) سێ ساڵ کەمتر نەبێت، سزادەدرێت.چوارەم:1. ئەگەر کارى گەڕان و ڕووپێوى و هەڵکۆڵین، یان هەوڵدان بۆ دۆزینەوەى شوێنەوار، بووە هۆى گۆڕینى شوێنەوارەکە، دەبێت ئەنجامدەر قەرەبووى دوو هێندەى نرخى خەمڵێنراوى زیانەکە بکاتەوە و دەست بەسەر شوێنەوارە دەرهێنراوەکە و کەلوپەلەکانیشدا دەگیرێت.2. دەبێت تاوانبار لەسەر خەرجی تایبەتی خۆى، بارەکە بۆ دۆخى ئاسایى بگەڕێنێتەوە. 3. ئەگەر تاوانبار فەرمانبەرى بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان بێت، بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (15) پازدە ساڵ زیاتر نەبێت، سزادەدرێت.پێنجەم:1. هەرکەسێک بازرگانی بە کەلوپەل و پارچەى شوێنەواریی یان کەلەپوورییەوە بکات، دەست بەسەر کەلوپەلەکاندا دەگیرێت و بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە ( 10 ) دە ساڵ زیاتر نەبێت سزادەدرێت، سەرەڕاى پێبژاردنێک بە بڕى (10.000.000) دە ملیۆن دینار، ئەگەر ئەنجامدەرى تاوانەکە فەرمانبەرى بەڕێوەبەرایەتى گشتى یان بەڕێوەبەرایەتییەکان بێت، ئەوا بە هەمان ماوەى ساڵ بە زیندانیکردن سزادەدرێت، سەرەڕاى پێبژاردنێک بە بڕى (20.000.000) بیست ملیۆن دینار.2. هەرکەس بەبێ ڕەزامەندى بەڕێوەبەرایەتى گشتى، بازرگانى بە کەلوپەل و پارچەى شوێنەواریى یان کەلەپوورییەوە بکات، چ ساختەکراو، یان لاساییکراوە بێت، ئەوا دەست بەسەر کەلوپەلەکاندا دەگیرێت و بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە (3) سێ ساڵ زیاتر نەبێت سزادەدرێت، سەرەڕاى پێبژاردنێک بە بڕى (2.000.000) دوو ملیۆن دینار، ئەگەر ئەنجامدەرى تاوانەکە کارمەندى بەڕێوەبەرایەتی گشتی یان بەڕێوەبەرایەتییەكان بێت، بە هەمان ماوەى ساڵ بە بەندکردن سزادەدرێت سەرەڕاى پێبژاردنێک بە بڕى (6.000.000) شەش ملیۆن دینار.شەشەم: هەر کەسێک زێدەڕۆیی بکاتە سەر خانوویەک، باڵەخانەیەک، گەڕەکێک، یان هەر شوێنێکى ترى شوێنەواریى یان کەلەپووریى، بڵاوكراوە لە ڕۆژنامەى فەرمى، چ بە تێکدان، گۆڕینى سیما یان گۆڕینى ئەو مەبەستەى کە بۆى تەرخانکراوە، بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (10) دە ساڵ زیاتر نەبێت سزادەدرێت، و پابەندیش دەکرێت لەسەر خەرجى خۆى زیادەڕۆییەکە بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخى پێشتر.