مادده‌ی شازده‌م: یه‌كه‌م: سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كان ئه‌م سوێنده‌ی خواره‌وه له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی پارێزگادا ده‌خۆن: (سوێند به خودای گه‌وره ده‌خۆم كه پارێزگاریی له‌یه‌كێتی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق و سه‌لامه‌تی خاكه‌كه‌ی بكه‌م و چاودێری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌ل بكه‌م و پابه‌ندبم به ده‌ستوور و یاسا كارپێكراوه‌كان له‌هه‌رێمدا و به‌دڵسۆزی و راستگۆیی و ده‌سپاكی و بێ لایه‌نیه‌وه كاری خۆم ئه‌نجام بده‌م و خودا شاهێده له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم). دووه‌م: پارێزگار ئه‌و سوێنده‌ی كه له (یه‌كه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتووه له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ئاماده‌بوونی وه‌زیری ناوخۆ ده‌خوات. سێیه‌م: قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه ئه‌و سوێنده‌ی سه‌ره‌وه كه له (یه‌كه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌دا هاتووه له‌به‌رده‌م وه‌زیری ناوخۆ به ئاماده‌بوونی پارێزگار ده‌خۆن.