مادده‌ی (7): یه‌كه‌م: پارێزگار به مه‌رسومێكی هه‌رێمی داده‌مه‌زرێت كه له‌سه‌ر پێشنیاری وه‌زیری ناوخۆ و ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌رده‌چێت، به مه‌رجێك گشت ئه‌و مه‌رجانه‌ی هه‌بێت كه پێویسته له پارێزگاردا هه‌بن به‌پێی بڕگه‌ی (دووه‌م)ی مادده‌ی (هه‌ژده‌م)ی یاسای پارێزگاكان، وه‌زیفه‌كه‌شی له‌رووی ماف و ڕاژه‌ی وه‌زیفی به پله‌ی تایبه‌ت ده‌بێت به ناونیشانی (بریكاری وه‌زیر) و، له ڕووی كارگێڕییه‌وه سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ده‌بێت و، به‌رپرسی جێبه‌جێكاری یه‌كه‌مه له پارێزگادا و، ئه‌و ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه له یاسای پارێزگاكاندا بۆی دیاری كراون پیاده ده‌كات به‌و شێوه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌دا ناكۆك نه‌بێت. دووه‌م: هه‌ردوو جێگری پارێزگار به پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دوای كاندیدكردنیان له‌لایه‌ن وه‌زیری ناوخۆ به‌بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داده‌مه‌زرێن به‌و مه‌رجه‌ی به‌لای كه‌م هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی زانكۆیی بن و خاوه‌ن شاره‌زایی و پسپۆڕی بن. سێیه‌م: هه‌ر یه‌ك له قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه به‌مه‌رسوومی هه‌رێمی داده‌مه‌زرێن و ده‌گوازرێنه‌وه و لاده‌بردرێن له‌سه‌ر پێشنیاری وه‌زیری ناوخۆ و ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران تا پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی قه‌زا و ناحیه‌كان له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی ڕاسته‌وخۆ به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌كان ژماره (4)ی ساڵی 2009.